کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق
دۆخی گشتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو باشتربووە پاش کۆتایهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لەدژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧. بەڵام هێشتا دۆخی ئاسایش ناسەقامگیرە و دۆخی ئابووری ناجێگیرە. عێراق بە بەخشندەییەوە میوانداری نزیکەی ٣١٥ هەزار پەنابەر و پەناخواز دەکات، کە زۆرینەیان کوردی سوریان (زیاتر لە ٢٨٠ هەزار) و زۆرینەی ئەمانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین. پەنابەران ئاسۆی سنوورداریان لەپێشە بۆ گەڕانەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەتایبەتی پاش ڕەچاوکردنی خراپتربوونی ئاسایش و دۆخی مرۆیی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە زۆرینەیان خەڵکی ئەو ناوچانەن. ساڵی ٢٠٢٤ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ڕاپرسییەکی لەسەر گەڕانەوە ئەنجامدا، دەریخست کە ٩٣٪ لە پەنابەرانی سوری لە عێراق ئاماژەیانداوە بەوەی نیازیان نییە بگەڕێنەوە لەماوەی ١٢ مانگی داهاتوو. کاتێک پرسیاریان لێکرا دەربارەی هۆکارەکان، زۆرینە ئاماژەیاندا بە نیگەرانیی پەیوەست بە نەبوونی سەلامەتی و ئاسایش (٨٠٪)، هەروەها نەبوونی دەرفەتەکانی گوزەران لە سوریا (٧٠٪). نیگەرانی تری گرنگ بریتی بوو لە خراپپی خزمەتگوزاری بنەڕەتیی (٣٠٪)، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و مەترسی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ (٢٤٪).
هەروەها عێراق زیاتر لە ١ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی هەیە، لەمانە ١١٥ هەزار لە ٢١ کەمپ دەژین لە هەرێمی کوردستانی عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤. ئاوارە ناوخۆییەکان ئاماژەدەدەن بە نەبوونی ئاسایش، دەستگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی یان تەنانەت ئاو و کارەبا، هەروەها نەبوونی دەرفەتەکانی گوزەران و سەرچاوە داراییەکان، هاوکات لەگەڵ خانووی زیانپێگەیشتوو لە ناوچە رەسەکانی خۆیان، بۆ هەندێک لەمانە، عەرەبی سووننە بەتایبەتی، گەورەترین بەربەست بۆ گەڕانەوەیان بریتییە لە لێڕوانینان وەک وابەستە بە گروپە تووندڕەوەکان. پێداویستییەکانی تری ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق زیاتر پەیوەستن بە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، رێزنەگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی سەروەریی یاسا – نەک تەنها بەهۆی دۆخی ئاوارەبوونیانەوە – کە ئەمانەش کاریگەرتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەڕێگەی رێبازەکانی پەرەپێدانی بەردەوامەوە. ئەمەش بریتییە لە بەهێزکردنی خاوەندارێتی نیشتمانی و توانای پێشکەشکارانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بۆ پێشکەشکردنی پاراستن و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، داکۆکیکردن لە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە پەنابەران بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان، و پێشخستنی بەشداریکردنی پەنابەران لە پلانەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە پەنابەران بە بازاڕەکانی کار و دەرفەتەکانی بژێوی ژیان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران و هاوبەشەکانی لە وەڵامدانەوەی مرۆییەوە گۆڕا بۆ ڕێبازێکی گەشەپێدان.

تەبا لەگەڵ ئەم رێبازە و بۆ مەبەستی هاندانی رێگەچارەی درێژخایەن بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق، وەڵامدانەوەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان گواستنەوەی کرد لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی کورتمەودای تاکەکەسیی بەرەو رەواجدان بە لەخۆگرتنی ئاوارە ناوخۆییەکان لە سیستمەکانی ئێستای وڵات. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق ئەمە ئەنجام دەدات لەڕێگەی ئاسانکاری بۆ دەستگەیشتنیان بە بەڵگەنامە شارستانییەکان، لۆبیکردن بۆ لەخۆگرتنیان لەچوارچیوەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی توانای دابینکارانی پاراستن و خزمەتگوزاری گشتی، هەروەها دۆزینەوە و جێبەجێکردنی رێگەچارەی درێژخایەن و شکۆمەندانە بۆ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین.
هاوشان لەگەڵ ئەوەدا، بە رەچاوکردنی ئاستی بەرزی لەخۆگرتنی پەنابەران، پرۆژەکان (دەستوەردانەکان)ی پەنابەرانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران بایەخ دەدات بە زیادکردنی تێکەڵکردنیان لەناو خزمەتگوزاری و سیاسەتە گشتییەکانی وەک چاودێری تەندروستی و پەروەردە. هەروەها کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رەواج دەدات بە پشتبەخۆبەستنی ئابووری لەکاتێکدا کە کۆمەکی تاکەکەسیی دابین دەکات بۆ دۆخناسکترین کەسەکان. سەبارەت بە کەسانی بێدەوڵەت، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ بنبڕکردنی بێدەوڵەتیی لە عێراق تا کۆتایی ٢٠٢٤، ئەمەش تەبا لەگەڵ پلانی کاری جیهانیی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هەڵمەتی (کەمپەینی #من_لەگەڵیدام) بۆ کۆتایهێنان بە بێدەوڵەتیی تا ٢٠٢٤.

کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان
کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (یان دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران)، ڕێکخراوێکی جیهانییە کە تایبەتە بە ڕزگارکردنی ژیان و پاراستنی مافەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ پەنابەران و کۆمەڵگا ئاوارەبووەکانی زۆرەملێ و خەڵکی بێ وڵات.
ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە هەموو کەسێک مافی پەنابەری هەیە و پەناگەیەکی سەلامەت بدۆزێتەوە، چونکە لە توندوتیژی، گۆشەگیری، شەڕ یان کارەسات لە ماڵەوە هەڵاتووە.
لە ساڵی ١٩٥٠ەوە لە چەندین کیشوەردا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، هەروەها هاوکارییەکی گرنگمان پێشکەش بە پەنابەران، پەناخوازان، ئاوارە ناوخۆییەکان، گەڕاوەکان و خەڵکی بێ دەوڵەت کردووە، کە زۆربەیان کەسیان نەماوە ڕوویان لێبکەین.