هاوبەشان و کۆمەکبەخشان
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هاوکاریی دەکات لەگەڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، رێکخراوە کۆمەڵگەییەکان، پەنابەران، ئاوارە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگە خۆجێیەکان بۆ مەبەستی پاراستن، هاوکاریکردن و دۆزینەوەی رێگەچارەی درێژخایەن بۆ پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان.
هاوبەشانی حکومەت
وەک بەشێک لە گواستنەوەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەرەو رێبازەکانی پەرەپێدانی بەردەوام کە حکومەتی عێراق سەرکردایەتی پرۆسەی وەڵامدانەوەی پەنابەران و ئاوارەکان دەکات، کۆمسیاری باڵای پەنابەران هاوکاریی دەکات لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان:


حکومەتی عێراق
وەزارەتی دەرەوە – بۆ رێکخستنی پرۆتۆکۆل و ئاسانکاری بۆ پەیوەندیکردنی نووسراوی فەرمیی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەکان.
وەزارەتی ناوخۆ – بۆ تۆمارکردنی پەنابەران و پەناخوازانی سوری و پێدانی کارتی نشینگە. بۆ دابینکردنی بەڵگەنامە شارستانییەکان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان، ئاوارە گەڕاوەکان و کەسانی تری دۆخناسکی عێراقی؛ هەروەها عێراقییە گەڕاوەکان لە کۆمەپی ئەلهۆل لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. بۆ نەهێشتنی بێدەوڵەتی لە عێراق. هەروەها بۆ داڕشتنی یاسای پەنابەری نوێی تەبا لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی – بۆ زامنکردنی لەخۆگرتنی ئاوارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کەمپەکان، لە بەرنامەی کەمکردنەوەی هەژاریی و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەت.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران – بۆ پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکان، هەروەها پەنابەرانی فەلەستینی.
وەزارەتی پلاندانان – بۆ لەخۆگرتنی پەنابەران و پەناخوازان لە عێراق لە سەرژمێری گشتی داهاتوو.
وەزارەتی پەروەردە – زامنکردنی دەستگەیشتنی منداڵانی پەنابەر و پەناخوازی سوری بە قوتابخانە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق بەبێ رەچاوکردنی بەڵگەنامەکانیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ناوخۆ – داڕشتنی رێکاری کارگێڕیی بۆ رێکخستنی کاروباری پەناخوازان. دەرکردنی مۆڵەتی نشینگەی مرۆیی بۆ پەنابەران و پەناخوازن لە هەرێمی کوردستانی عێراق. هاوکات کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لۆبی دەکات لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی پرسە هەمەلایەنەکانی پاراستن و پێدانی دەستگەیشتن بە پەنابەران و پەناخوازان لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان – هەماهەنگی لە بواری گشتی کارەکانی پەیوەست بە ئاوارەبوون لە هەرێمی کوردستان/هاوکاریی لە بواری بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان و پەنابەران.
وەزارەتی پەروەردە – بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران.
وەزارەتی تەندروستی – بۆ بەهێزکردنی لەخۆگرتنی پەنابەران لەناو سیستمی تەندروستی گشتی.
وەزارەتی شارەوانی – بۆ فروانکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بە کەمپەکانی پەنابەران.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی – بۆ رەواجدان بە لەخۆگرتنی پەنابەران لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە – بۆ رێکخستنەکانی پرۆتۆکۆل.
کۆمەکبەخشان
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران سوپاسگوزارە بۆ هاوکارییە گرنگە پێشکەشکراوەکان لەلایەن کۆمەکبەخشە حکومییەکان و کەرتی تایبەت، کە بەشداری دەکەن لە کارەکانمان لە عێراق، هەروەها ئەوانەی بەشدارییان کردوە لە بەرنامەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەڕێگەی کۆمەکی تەرخانکراو و تەرخاننەکراو.

پارەدارکردنی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤ بەرزبووەوە بەهۆی وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ پێداویستییە لەتوانابەدەرەکان لە ئەنجامی پەلامارەکانی داعش. شەش ساڵ پاش تێکشکانی داعش، دۆخی مرۆیی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، لەگەڵ دابەزینی بەرچاو لە ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستییان بە هاوکارییە. لەئەنجامی ئەمە و بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانەکان لە وڵاتانی تر کە پێداویستییەکان بەپەلەن، پارەدارکردنی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە عێراق لەسەر رێچکەی دابەزین بووە و بەشداری کۆمەکبەخشان لە ٢٨٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٤ دابەزیوە بۆ ٥٨ میلۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٣ (نزیکەی ٨٠ لەسەد کەمبوونەوە).
لە ساڵی ٢٠٢٤، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێویستی بە ٢٠٣،٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە بۆ جێبەجێکردنی چالاکییە گرنگەکان لە عێراق، لەوانە پاراستنی یاسایی، دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان، تۆمارکردن، پەروەردە، تەندروستی، کۆمەکی نەختینەی فرەمەبەست و پاراستنی منداڵ. تا ئاداری ٢٠٢٤، کۆمسیاری باڵای پەنابەران تەنها ١٥ لەسەدی وەرگرتوە لە پارەدارکردنی پێویست بۆ عێراق.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵی مەدەنیی
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق ٢١ هاوبەشی جێبەجێکردنی هەیە: پێنج دامەزراوەی حکومیی، حەوت رێکخراوی ناحکومیی نێودەوڵەتی و نۆ رێکخراوی ناحکومیی نیشتیمانیی. وەک بەشێک لە گۆڕانکاری گشتی، کۆمسیاری باڵای پەنابەران بەرەو توانادارکردنی کاری مرۆیی نیشتیمانیی و خۆجێی، کە ناودەبرێت بە ‘ئەجێندای بەخۆجێییکردن‘ و تەبا لەگەڵ بەڵێنەکانی رێککەوتنی گەورە بۆ دابینکردنی ٢٥ لەسەدی کۆمەکی مرۆیی جیهانیی بە وەلامدەرە خۆجێی و نیشتیمانییەکان، هاوبەشییەکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییە نیشتیمانییەکان زیادیکردوە لە حەوت هاوبەشیی لە ٢٠٢٢ بۆ نۆ هاوبەشیی لە ٢٠٢٣، لەکاتێکدا کە هاوبەشییەکان لەگەڵ بکەرە نێودەوڵەتییەکان کەمبووەوە لە ١٥ لە ٢٠٢٠ بۆ حەوت لە ٢٠٢٣. هەروەها زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بودجەی هاوبەشی جێبەجێکردن تەرخانکراوە بۆ هاوبەشە نیشتیمانییەکان، حکومەت و رێکخراوە ناحکومییەکان