کەوێ حاجی، 42 ساڵ دەگوازێتەوە بۆ چادرێکی هەموارکراو کە پێیدەڵێت ماڵ، لە کەمپی خانکێ بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە پارێزگای دهۆک، باکوری عێراق. یەک دەیە لەمەوبەر، خۆی و خێزانەکەی لە شەنگالی پارێزگای نەینەوای عێراق هەڵهاتن، کە لەوێ ئێزیدییەکان رووبەڕووی چەندین تاوانی گەورە بوونەوە لەسەر دەستی چەکدارانی داعش.
کەوێ دەگێڕێتەوە کە “دۆخە پشێوو بوو، ئێمە ماڵ و هەموو هەبووەکانمان لەدەستدا لەڕێگە بەرەو ئارامیی، لەوانە بەڵگەنامە شارستانییەکانمان. تا نەگیشتینە کەمپەکە نەماندەزانی کە ئەم ونکردنە چ کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ژیانمان.”
هاوشێوەی کەوێ، چەندین عێراقی بەڵگەنامە شارستانییەکانیان بەسەرچووە، تێکچووە یان ونبووە، بەهۆی هەڵهاتن لە تووندوتیژی و چەوساندنەوە. کەسانی تر لەوانەیە هەرگیز دەستیان نەگەیشتبێت بەم جۆرە بەڵگەنامانە، بەهۆی بەربەستە ئابووری-کۆمەلایەتییەکان. بەبێ هەبوونی بەڵگەنامەکان، عێراقییەکان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بۆ تۆمارکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە، دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی یان پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ کۆمەکی کۆمەڵایەتی.
کەوێ، کە خۆی راستەوخۆ ئەمەی ئەزموون کردوە، دەڵێت “بەبێ بەڵگەنامەکان، دەستتناگات بە مافەکانت.”
بەهۆی ئاوارەبوونەوە، کێشەی هەیە بۆ دەرهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوون یان بەڵگەنامە کەسییەکانی تر بۆ دوو منداڵە بچووکەکەی. لە ئەنجامدا، بێبەشکران لە تۆمارکردن لە قوتابخانە و منداڵە گەورەکەشی ناچارکرا واز لە خوێندن بهێنێت. ددانیپێدانا کە “نەمدەزانی چۆن داواکاری پێشکەش بکەم بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی شارستانی بۆ منداڵەکانم.” کاتێک ئاماژەیدا بە گێژاوی رێکارە کارگێڕیی و یاساییە ئاڵۆزەکان، سەرەڕای نەبوونی توانای پارەدانی تێچووە پەیوەستەکان.
بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا، کەوێ سەردانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی کرد، کە لەگەڵ هاوبەشەکەمان رێکخراوی هاریکار، راوێژی یاسایی و هاوکاریمان پێشکەش کرد بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە پێویستەکان بۆ سەلماندنی ناسنامەی خۆی و منداڵاکانی – ئەم پرۆسەیە پێویستی بە چەندین مانگ بەدواداچوون هەیە لە دامەزرەوە یاساییەکانی شەنگال و دهۆک بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامە پاڵپشتەکان.
ئەمڕۆ کەوێ بەشانازییەوە ناسنامە نیشتیمانییە دەرکراوەکەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە هەڵگرتووە، کە رێگەی پێدەدات سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە بکات کە منداڵەکانی لەوێ لەدایکبوون، بۆ مەبەستی وەرگرتنی بڕوانامەی لەدایکبوونیان. ئەم بەڵگەنامانە پێشمەرجن بۆ داواکردنی کارتی ناسنامەی نیشتیمانیی.
لە ساڵی 2019ەوە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنەباران لەنزیکەوە کاردەکات لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە ناوخۆییەکان و ئاوارە گەڕاوەکان و کەسانی تری دۆخناسک بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە شارستانییەکان. لە ماوەی پێنج ساڵی رابوردو، 244،000 کەس هاوکاریی یاساییان وەرگرتووە و زیاتر لە 233،000 بەڵگەنامەی شارستانی دەرکران راستەوخۆ لە ئەنجامی خزمەتگوزارییەکانی هاوکاریی یاسایی دابینکراو لەلایەن کۆمپسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنەباران و هاوبەشەکانی.
سوپاس بۆ کۆمەکی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی شارستانی و فریاگوزاری مرۆیی یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشی ئاسۆکانی هۆڵندا و کۆمەکی فەڕەنسا بۆ کۆمپسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنەباران لە عێراق، توانرا ئەم دەستکەوتانە بەدیبێن.
Share on Facebook Share on Twitter