4 مارس 2023
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق، بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ، و لەڕێگەی کۆمەکی دارایی بەخشندەی سندوقی کوەیت بۆ پەرەپێدانی ئابووری عەرەبی، سەنتەرێکی نوێی تۆمارکردنی لە هەولێر، هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەنتەرە نوێیەکە وەک خزمەتگوزاری یەک پەنجەرە کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تۆمارکردن و پاراستن، ئەمەش رێخۆش دەکات بۆ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بۆ بەدەستهێنانی داتای کەسیی بۆ مەبەستی دابینکردنی بڕوانامەی پەنابەران و پاڵپشتیکردنی پەنابەران لەسەر بنەمای پێداویستییە دیاریکراوەکانیان. لە سەنتەرەکە، پەنابەران دەتوانن دەستیان بگات بە دێسکی زانیاری، بۆ ئاشنابوون بە خزمەتگوزارییە مرۆیی و گشتییەکان و هاوکاریی یاسایی. هەروەها ئافرەتان و منداڵانی رزگاربووی تووندوتیژی دەتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزاری تایبەتمەندی جەستەیی و دەروونیی.
سەرەڕای کارمەندانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشانی پاراستن: ئینتەرسۆس، تێر دی هۆم، ئەلمەسەلە، منداڵپارێزی کوردستان و رێخکراوی وچان، سەنتەری تۆمارکردن بنکەی فەرمانگەکانی حکومەت، وەک ئاسایشی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی نشینگە لە خۆدەگرێت. لە ئەنجامدا، پەنابەران دەستبەجێ دەتوانن مۆڵەتەکانی نشینگەی مرۆیی بەدەستبهێنن، ئەم دۆکۆمێنتانە لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە دەدرێن بە پەناخوازان بۆ رێکخستنی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەستگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان. چاوەڕوان دەکرێت مانگانە 24،000 پەنابەر سوودمەندبن لە هەموو ئەم خزمەتگوزارییانە.
نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، بەڕێز جان-نیکۆڵ بیۆز، وتی “تۆمارکردن لای کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هەنگاوێکی گرنگە لە ژیانی پەنابەردا. زامنی بەدەستهێنانی نشینگەی یاسایی دەکات لای دەسەڵاتەکانی کوردستان و رێخۆش دەکات بۆ دەستگەیشتنی پەنابەران بە خزمەتگوزارییە گشتی و مرۆییەکان.” هەروەها وتی “کردنەوەی ئەمڕۆی ئەم سەنتەرە بەڵگەیە لەسەر هاوکاریی نایاب لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. خۆشحاڵین کە پرۆژەکە سوودمەندبووە لە کۆمەکی دارایی سندوقی کوەیت بۆ پەرەپێدانی ئابووری عەرەبی، وەک یەکێک لە هاوبەشەکانمان بۆ پاراستنی پەنابەران.”
نەسرین روبەیعیان، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بۆ دەوڵەتی کوەیت سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ حکومەتی کوەیت و سندوقی کوەیت بۆ پەرەپێدانی ئابووری عەرەبی و بۆ رۆڵیان لە پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان و پەنابەران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا و لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی وەک وەڵامدانەوە بەرامبەر پێداویستییە مرۆییە بەپەلەکان لە ئەنجامی قەیرانی درێژخایەنی سوریا و یەمەن. سندوقی کوەیت کاریکردوە لەسەر بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە زیادبووەکان، لەژێر رۆشنایی ژمارە مێژووییەکانی پەنابەران و ئاوارەکان، ئەمەش لەڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژە بەردەوامەکانی ژێرخان.
بەڕێوەبەری گشتی سندوقی کوەیت بۆ پەرەپێدانی ئابووری عەرەبی، بەڕێز وەلید ئەلبەحار وتی “ئەمڕۆ، ئێمە بینەری دەستکەوتێکی ترین، کە دەنووسرێت لە تۆماری پرۆژە هاوبەشەکانمان بۆ خزمەتکردنی برا پەنابەرە سوورییەکانمان و کۆمەڵگە خانەخوێکان. ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە 5 پرۆژەی واژۆکراو لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بە ئامانجی دایبنکردنی ژێرخان بۆ پەنابەران؛ ئێمە شانازی دەکەین بەم هاوبەشییە ستراتیژییە و هیوادارین کاریگەریی پێویست بەدیبهێنێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی پەنابەران دەبنەوە.”
ئەم بینا نوێیە کاردەکات وەک سەنتەری تۆمارکردن بۆ پەنابەران و چالاکییەکانی تری پاراستن. لەکۆتایدا دەبێتە قوتابخانەی ئامادەیی بۆ گەڕەکەکە. پەروەردە ئەولەویەتی سەرەکییە بۆ حکومەتی کوەیت، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پێشکەشکردنی پەروەردە بە کەسانی زۆر دۆخناسک.
Share on Facebook Share on Twitter