4 تشرینی یەکەم 2023
ئەمیر عەلی و کوڕەزاکەی چاوەڕوانی وەرگرتنی کارتی نیشتیمانیین لە عامریەی فەلوجە، لە پارێزگای ئەنباری عێراق، پاش ئەنجامدانی تۆمارکردنی گەڕۆک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران.
کۆمەکی دارایی ژاپۆن یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی هاوکاریی یاسایی گرنگ بۆ ئاوارە عێراقییەکان و پەنابەران لە عێراق. دابینکردنی هاوکاریی یاسایی زۆر گرنگە بۆ ئەو پەنابەرانەی ناتوانن مۆڵەتی نشینگە وەربگرن لە عێراق، هەروەها بۆ ئەو عێراقیانەی ناتوانن کارتی نیشتمانیی دەربهێنن. بەدەستهێنانی ئەم بەڵگەنامانە، هەنگاوی یەکەمە بۆ ددانپیانان لە وڵاتەکە. رێگەیان بۆ خۆش دەکات ئازادانە هاتوچۆ بکەن – بەبێ ترسی دەستگیرکردن لە خاڵەکانی پشکنین – هەروەها رێگەیان پێدەدات چاودێری تەندروستی وەربگرن، منداڵەکانیان لە قوتابخانە تۆماربکەن و داوای کۆمەکی پاراستنی کۆمەڵایەتی بکەن.
پاڵپشتییەکانی حکومەتی ژاپۆن رێخۆش دەکات بۆ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هاوکاریی یاسایی پێشکەش بکات بە هەزاران پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراق. هەروەها یارمەتی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشەکانی دەدات بەڵگەنامە فەرمییەکان دەربهێنن بۆ کەسانی زۆر دۆخناسک، لەڕێگەی تیمی گەڕۆک لە سەرانسەری وڵات.
لە کانونی دووەم تا حوزەیرانی 2023، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هاوکاریی یاسایی پێشکەش کردوە بە نزیکەی 6،000 پەنابەر و بەڵگەنامەی فەرمیی دەرهێناوە بۆ زیاتر لە 13،000 ئاوارەی ناوخۆیی عێراقی. هەروەها کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشانی پاڵپشتی 40 تیمی گەڕۆکیان کردوە بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ ئەو ئاوارە عێراقییانەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق، بەڕێز جان-نیکۆڵ بیۆز وتی “ئەم هاوبەشییە لەگەڵ ژاپۆن بەڕاستیی نموونەییە، چونکە بایەخ دەدات بەو دەستوەردانانەی دیار نین و بەئاسانی روون ناکرێنەوە. بەڵام بەبێ ناسنامە، ئەم عێراقی و پەنابەرە سورییانە، بەتەواوی پەراوێز دەخرێن لەناو کۆمەڵگەدا و بێبەش دەبن لە مافە بنەڕەتییەکانیان. ناتوانن خانوو بەکرێ بگرن، منداڵەکانیان لە قوتابخانە تۆماربکەن یان چاودێری تەندروستی وەربگرن بۆ باوانی بەساڵاچوویان. لەڕێگەی ئەم کۆمەکە داراییانەوە، ژاپۆن جیاوازی دروست دەکات لە ژیانی رۆژانەی هەزاران خێزان، جیاوازییەک کە کاریگەریی درێژخایەنی هەیە بۆ پاش دۆخی ئیمێرجنسی.”
بەڵام هێشتا چەندین پێداویستی هەیە. بەپێی مەزەندەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران زیاتر لە 430،000 کەس هێشتا بەلای کەمەوە بێبەشن لە یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییە سەرەکییەکان. بەربەستە سەرەکییەکانی دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە فەرمییەکان بریتین لە تێچووی زۆر و رۆتیناتی قورسی دەرهێنان یان نوێکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی گومانلێکراون بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ گروپە تووندڕەوەکانی وەک داعش، یان ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی ناتوانن هاوسەرگیریی، لەدایکبوون یان ڕەچەڵەکیان بسەلمێنن لە دادگاکان.
بەڕێز کێنیچی ماسامۆتا، سەرۆکی شاندی دپلۆماسی لە باڵوێزخانەی ژاپۆن لە عێراق وتی “دەستخۆشی لە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەکەم بۆ هەوڵەکانیان لە مەیدان. ئێمە دەزانین پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان پاڵپشتیی دەکرێن لەڕێگەی کارە ناوازەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان. ئێمە بڕوای پتەومان هەیە کە هاوکاریی یاسایی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە بواری بەڵگەنامە فەرمییەکان، زۆر گرنگ و پێویستە بۆ پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانیان بونیات بنێنەوە، ئەگەرچی ئەم دەستوەردانە زۆر ئاشکرا و دیار نییە.”
Share on Facebook Share on Twitter