8 تشرینی یەکەم 2023
وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکان لە عێراق، رێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمپسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران خولێکی راهێنانیان پێشکەش کرد بە 40 پەنابەری خۆبەخش، کە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هاوبەشیکردنی زانیاری گرنگ لەناو کۆمەڵگەکانی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق.
راهێنانەکە بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و پەنابەرانی توانادارکرد بە زانیاری ورد دەربارەی نەخۆشییە گوێزراوە باوەکانی وەک کۆلێرا و تای خوێنبەربوون. ئێستا خۆبەخشەکان دەتوانن باشتر زانیاری دابین بکەن و کۆمەڵگەکانیان توانادار بکەن بۆ رێگرتن، دەستنیشانکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییانە، لە ئەنجامدا بەشداری دەکەن تەندروستی و سەلامەتی گشتی لە سەرانسەری عێراق.
دکتۆر وائل هەتاهیت، نوێنەری بەوەکالەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، جەختی کردەوە لە بەشداری کۆمەڵگە لەم جۆرە پرۆژانە و وتی “سەرکەوتنی ئەم خوولەی راهێنان ئاماژەیە بۆ پابەندبوون و خۆتەرخانکردنی خۆبەخشانی کۆمەڵگە. لەڕێگەی دابینکردنی زانیاری و سەرچاوەی دروست بۆیان، ئێمە تەنها تاکەکەسەکان ناپارێزین، بەڵکو هاوکات خۆڕاگریی بەکۆمەڵی ئەم کۆمەڵگانە بەهێزتر دەکەین بەرامبەر نەخۆشییە گوێزراوەکان.”
ئەم خوولەی راهێنان لە کاتێکی گونجاودا ئەنجامدرا، وەک کاردانەوە بەرامبەر ئاستەنگە تەندروستییە بەردەوامەکان کە رووبەڕووی دانیشتوانی ئاوارە دەبنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەتی ئەوانەی لەو کەمپانە دەژین کە دۆخی ئاو و ئاوەڕۆ باش نییە و دەستگەیشتنیان بە چاودێری تەندروستی سنووردارە.
بەڕێز جان-نیکۆڵ بیۆز، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق وتی “توانادارکردنی پەنابەران هاوشان لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆجێی بۆ ئەوەی ببنە هێڵی یەکەمی بەرگری بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانیان لە نەخۆشییە گوێزراوەکان، کارێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتی هەموان.”
راهێنانی هاوبەشیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران خۆبەخشەکانیان فێری ستراتیژەکانی دەستنیشانکردن و رێگرتن لە نەخۆشییەکان کرد بۆ ناسینەوەی نیشانەکانی نەخۆشییە گوێزراوە باوەکان و زانیاری تر دەربارەی پیادەکردنە خاوێن و تەندروستەکان، هەڵمەتەکانی کوتان و هەڵسوکەوتە تەندروستی پارێزەکان.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمپسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەو بڕوایەدان کە لەڕێگەی بەدەستهێنانی ئەم سەرچاوە نوێیانەوە، خۆبەخشانی دەستگەیشتن بە کۆمەڵگە توانادار دەبن بۆ خزمەتکردن وەک پردێکی گرنگ لەنێوان پێشکەشکارانی چاودێری تەندروستی و نەخۆشەکانیان. ئەم رێبازەی هۆشیاریی و رێگرتن لە نەخۆشی زۆر گرنگە بۆ زامنکردنی سەلامەتی ئاوارەکان و کۆمەڵگە دۆخناسکەکان.
خوولی راهێنانی هاوبەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی هەردوو ئاژانسەکە بە پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی دانیشتوانی ئاوارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دڵنیابوون لەوەی کەس پەراوێز ناخرێت.
Share on Facebook Share on Twitter