7 تشرینی دووەم 2023
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران سوپاسگوزارە بەرامبەر هاوکاریی بەردەوامی یەکێتی ئەوروپا لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی مەدەنیی و فریاگوزاری مرۆیی بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامەکانی سەلماندن. بۆ ساڵی سێیەمی لەسەریەک، هاوکاریی یەکێتی ئەوروپا یارمەتیدەر بووە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامە شارستانییەکان بۆ عێراقییە دۆخناسکەکان، لەناویاندا ئەوانەی لە ئەنجامی تووندوتیژی داعش ئاوارەبوون و ئەوانەی لەوانەیە هەرگیز ناسنامەیان نەبووبێت. بەڵگەنامە شارستانییەکانی وەک بڕوانامەی لەدایکبوون، هاووڵاتینامە و کارتی نیشتیمانیی زۆر گرنگن بۆ دەستگەیشتنی عێراقییەکان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەشداریکردن لە کاروباری گشتی وڵاتەکەیان.
زۆر عێراقی لە ئەنجامی هەڵهاتن لە تووندوتیژی، چەوساندنەوە و ئاوارەکردن، بەڵگەنامە شارستانییەکانیان بەسەرچووە، ونبووە یان لەدەستچووە. کەسانی تر لەوانەیە هەرگیز دەستیان نەگەیشتبێت بەم جۆرە بەڵگەنامانە، بەهۆی بەربەستە کارگێڕیی و کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانەوە، لە ئەنجامدا رووبەڕوون لەگەڵ مەترسیی بێدەوڵەتبوون ئەگەر نەتوانن هاووڵاتینامەی عێراقییان بسەلمێنن.
ناکرێت لە گرنگیی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە شارستانییەکان کەمبکرێتەوە. چونکە هەنگاوی یەکەمە بۆ عێراقییەکان بۆ سەلماندنی ناسنامەی یاساییان و دڵنیاییکردن لەوەی لە وڵاتی خۆیان بەفەرمی ددانیان پێدا دەنرێت. بەبێ بەڵگەنامە شارستانییەکان، عێراقییەکان ناتوانن منداڵەکانیان لە قوتابخانە تۆماربکەن، چاودێری تەندروستی وەربگرن یان داواکاری پێشکەش بکەن بۆ کۆمەکەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی. هەروەها ناتوانن بەشداری بکەن لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی مەدەنیی و سیاسیی.
هاوبەشیی نەپساوەی یەکێتی ئەوروپا بۆتە هۆی توانادارکردنی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشانی، لەوانە دوو رێکخراوی خۆجێی، بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان لە دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان، لەڕێگەی کۆبوونەوەی پەیوەندیکردن و هۆشیارکردنەوە دەربارەی بابەتەکانی پەیوەست بە گرنگیی بەڵگەنامە شارستانییەکان و چۆنێتی بەدەستهێنانیان؛ پێشکەشکردنی راوێژکاریی یاسایی تاکەکەسیی بۆ ئەوانەی کێشەیان هەیە بۆ سەلماندنی هاووڵاتینامەی عێراقی یان هاوسەرگیریی خۆیان و لەدایکبوونی منداڵەکانیان؛ هەروەها رێخۆشکردن بۆ تیمە گەڕۆکەکانی فەرمانگەی باری شارستانی عێراق بۆ دەرهێنانی ئەم بەڵگەنامانە بۆ کەسانی دۆخناسک لە سەرانسەری وڵات.
سوپاس بۆ کۆمەکی دارایی یەکێتی ئەوروپا، لەماوەی سێ ساڵی رابوردو، نزیکەی 210،000 عێراقی سوودمەندبوون لە هاوکارییەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشەکانی. لە کانوونی دووەم تا حوزەیرانی 2023 زیاتر لە 13،000 بەڵگەنامەی شارستانی دەرکراون بۆ عێراقییەکان و زیاتر لە 26،000 چاوەڕوانی دەرکردنن. هەروەها 37،000 کەس راوێژکاریی یاسایی یان نوێنەرایەتی یاساییان وەرگرتووە و نزیکەی 11،600 کەس بەشدارییان کردوە لە کۆبوونەوەکانی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی. هاوکات، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشەکانی پاڵپشتی 40 تیمی گەڕۆکی بەڵگەنامەی شارستانیان کردوە.
بەڕێز جان-نیکۆل بیۆز، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق وتی “هاوبەشیی بەردەوامی ئێمە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی شارستانی و فریاگوزاری مرۆیی ، یەکلاکەرەوەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک بەربەست کە رووبەڕووی عێراقییەکان دەبنەوە لەکاتی دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان. یارمەتیدانی دەسەڵاتەکان بۆ دابینکردنی بەڵگەنامە شارستانییەکان، لەو جۆرە دەستوەردانانە کە زۆر دیار نین بەڵام زۆر گرنگن بۆ ژمارەیەکی زۆر عێراقی کە بێبەشن لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک تۆمارکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە، دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی یان بەکرێگرتنی خانوو. لەکاتێکدا عێراق هەنگاو دەنێت بەرەو سەقامگیری و پەرەپێدان، مایەی شادمانییە دەبینین هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا رێخۆش دەکات بۆ ئەم وەرچەرخانە، لەڕێگەی دڵنیاییکردن لەوەی ئەو عێراقییانەی پێشتر ئاوارە بوون لە ئەنجامی تووندوتیژی داعش، بەتەواوی یەکدەخرێنەوە لەناو سیستمی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کۆمەڵگەی عێراق، ئەمەش لە ئەنجامی وەرگرتنەوەی بەڵگەنامە شارستانییەکانیان.”
سوپاس بۆ کۆمەکی بەخشندەی یەکێتی ئەوروپا، دەستکەوتی گەورە بەدەستهاتوون، بەڵام هیشتا پێداویستی زیاتر هەیە. بەپێی مەزەندەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، هێشتا زیاتر لە 430،000 کەس بەلای کەم یەکێک لە بەڵگەنامە شارستانییە سەرەکییەکانیان نییە. بەربەرستە سەرەکییەکانی دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان بریتین لە تێچوو و رۆتینی زۆر بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی گومانلێکراون بە پەیوەندیی لەگەڵ گروپە تووندڕەوەکانی وەک داعش یان ئەوانەی ناتوانن بەشێوەیەکی یاسایی هاوسەرگیری، منداڵبوون و رەچەڵەکیان بسەلمێنن لە دادگاکان.
بەڕێز پێدرۆ لویز رۆخۆ گارسیا، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری مرۆیی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق وتی “هاوبەشییمان لەگەڵ کۆمپسیاری باڵای پەنابەران و رێکخراوە خۆجێیەکان جیاوازی راستەقینەی دروستکردوە لە ژیانی چەندین عێراقیدا، پاڵپشتی کردوون لە بونیاتنانەوەی ژیانیان و تێکەڵبوونەوەیان لەناو کۆمەڵگە. ئێمە پابەندین بە بەردەوامبوون لە کارەکانمان لە عێراق و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی هێشتا ماون، بەمەبەستی دڵنیاییکردن لەوەی هیچ کەسێک بێبەش نابێت لەم بەڵگەنامە گرنگانە.”
Share on Facebook Share on Twitter