هاوبەشییەکە هەوڵ دەدات رێگەچارە درێژخایەنەکان بەهێزتر بکات، لەڕێگەی پێکەوە کۆکردنەوەی رێکخراوەکانی: کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی.
بەڕێز هانس ساندی باڵوێزی هۆڵندا لە عێراق، و بەڕێز غولام ئیساکزی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری نیشتەجێی هەماهەنگی مرۆیی لە عێراق، ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێیان راگەیاند لە پرۆگرامی ئاسۆکان ی هۆڵەندی لە عێراق، هاوشان لەگەڵ سەرکردایەتی رێکخراوە بەشدارەکان لە هاوبەشییەکە. پرۆگرامەکە جەخت دەخاتە سەر خزمەتگوزارییەکان بۆ پەنابەران، ئاوارە ناوخۆییەکان و ئاوارە گەڕاوەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان لە عێراق، پرۆگرامەکە زیاتر بونیات دەنێت لەسەر ئەزموونی پێشتری ساڵی 2019، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێی و نیشتیمانییەکان.
پرۆگرامی ئاسۆکان پرۆگرامی سەرەکییە و نموونەیە لەسەر پاڵپشتی گرنگیی هۆڵەندا بۆ بەگەڕخستنی پەیوەندیی نێوان بوارەکانی مرۆیی و پەرەپێدان لە هەشت وڵاتی جیاواز لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا و ناوچەی رۆژهەڵات و قۆچی ئەفریکا و ناوچەی دەریاچە مەزنەکان. پرۆگرامی ئاسۆکان پێنج رێکخراو پێکەوە کۆدەکاتەوە بۆ کارکردن لەسەر بەهێزکردنی رێگەچارە درێژخایەنەکان لە عێراق: کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی. بودجەی 48 ملیۆن یۆرۆ تەرخانکراوە بۆ پرۆگرامسازی لە بوارەکانی پەروەردە و راهێنانی کارامەییەکان، بەکارخستن، پاراستن و ژێرخانی زۆر گرنگ بۆ پەنابەران و ئاوارەکان بەهۆی ناکۆکیی و کۆمەڵگە خانەخوێکان لە ناوەڕاست و باکوری عێراق لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.
سوپاس بۆ هاوبەشییەکە، لەناو گروپە بە ئامانجکراوەکان، زیاتر لە 155،000 ئاوارە بەهۆی ناکۆکیی و ئەندامانی کۆمەڵگە خانەخوێکان خوێندنی سەرەتایی یان ئامادەیی تەواو دەکەن (فەرمیی و نافەرمیی)، هەروەها زیاتر لە 250،000 کەس بەردەوام دەبن لە خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی، لەگەڵ پرۆگرامەکانی خوێندنی خێرا و پەروەردەی پێش-قوتابخانە (باخچەی منداڵان). هاوکات هاوبەشییەکە دەستگەیشتن بە راهێنانی کارامەییە خوازراوەکانی بازاڕ زیاتر دەکات بۆ نزیکەی 5،000 کەس، بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەیان بۆ قۆناغی کارکردن. سەبارەت بە لەخۆگرتنی ئابووری، زیاتر لە 5.2 ملیۆن یۆرۆ وەبەرهێنان دەکرێت لە بوارە بەئامانجکراوەکان، بەمەبەستی رەواجدان بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، دروستکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان، زیادکردنی دەستگەیشتن بە دارایی بۆ کارسازان و هەرەوەزییەکان و کەرتە موژدەبەخشەکان. هەروەها لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەو رێبازانەی پێویستیان بە دەستی کاری زۆرە، هاوبەشییەکە پاڵپشتی دروستکردنی زیاتر لە 12،000 رۆژی کارکردن دەکات بۆ ئاوارەکان بەهۆی ناکۆکیی و کۆمەڵگە خانەخوێکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لە ئابووری سەوز.
بۆ مەبەستی باشترکردنی پاراستنیان، 40،000 پەنابەر و پەناخواز سوودمەند دەبن لە ناسنامەی باری شارستانی یان بەڵگەنامەی باری یاسایی، و 50،000 کەس سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییە نیشتیمانییە تایبەتمەندەکانی پاراستن، بەڕێوەبردنی کەیس و پاڵپشتیی تەندروستی و دەروونیی. لەکۆتایدا، سەبارەت بە ژێرخان، 80،000 ئاوارە بەهۆی ناکۆکیی و ئەندامانی کۆمەڵگەی خانەخوێ دەتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی ئاوی پارێزراو و بەردەست بۆ هەموان.
بەڕێز هانس ساندی، باڵوێزی هۆڵندا لە عێراق وتی “لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، هۆڵندا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پەنابەران و ئاوارەکان لە عێراق، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەندین ئاستەنگ کە رووبەڕووی دەبنەوە. هاوکارییان دەکەین بۆ دەستگەیشتن بە کار، پەروەردە، راهێنان و زامنکردنی بەڵگەنامە شارستانییەکان. هەروەها پرۆگرامی ئاسۆکان فراوانتر دەکەین لەڕێگەی لەخۆگرتنی چالاکییەکانی ژێرخانی ئاو و نیشتەجێکردن. لەڕێگەی لێکدانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی چاکسازییە یاساییەکان، ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ بەدیهێنانی ژیانی خۆشگوزەرانتر بۆ ئاوارەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان.”
بەڕێز ئیساکزی، بە نوێنەرایەتی خێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، وتی “هاوکاریی بەردەوامی هۆڵندا بۆ عێراق جێگەی پێزانینی زۆرە، رێبازە یەکخراوەکەی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی رێگەچارە درێژخایەنەکان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان. قۆناغی دووەمی پرۆگرامی ئاسۆکان هەوڵە بەکۆمەڵەکانمان باشتر دەکات بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی درێژخایەن بۆ ئاوارەکان بەهۆی ناکۆکییەوە لە عێراق، ئەمەش تەبا لەگەڵ بانگەوازی سکرتێری گشتی بۆ نەهێشتنی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لەسەر ئاستی جیهان.
سوپاس بۆ پرۆگرامی ئاسۆکان لە چوار ساڵی یەکەمی، نزیکەی 4،000 منداڵی کۆمەڵگە ئاوارە زۆرەملێکان تۆمارکران لە قوتابخانەی ئامادەیی و زیاتر لە 130 پەنابەری کارساز بۆ یەکەم جار دەستیان گەیشت بە قەرزی بچووک لە عێراق، هەروەها 45،000 ئاوارەی ناوخۆیی بەڵگەنامەی شارستانیان دەرهێنا.
پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاریکردنی بەرەوپێشبردنی دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری بۆ زیاتر لە 1.1 ملیۆن ئاوارە، 300،000 پەنابەر و 8،000 کەسی بێدەوڵەت لە عێراق، هێشتا بایەخی خۆیان و هەیە ئەولەویەتن بۆ حکومەتی هۆڵندا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
Share on Facebook Share on Twitter