30 نیسان 2024
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی، کە ئاژانسێکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی بازرگانیی جیهانیی یە و بە تەواوی تەرخانە بۆ رێخۆشکردن بۆ یەکخستنی ئابووری-کۆمەڵایەتی پەنابەران و ئەندامانی کۆمەڵگە خۆجێیەکان لە عێراق.
ئەم هاوبەشییە چوارچێوەیەکی هەمەلایەن دادەڕێژێت بۆ هاوکاریی نێوان سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، بۆ رەواجدان بە گەشەی ئابووری لەخۆگر و پشتبەخۆبەستنی پەنابەران و کۆمەڵگە خانەخوێکان. ئەم هەوڵە هاوبەشانە تەبان لەگەڵ ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی پەرەپێدانی بەردەوام، دیدگای 2030 حکومەتی عێراق و پلانی پەرەپێدانی نیشتیمانیی، کە هەموویان هەوڵ دەدەن دەرفەتەکانی داهات فراوانتر بکەن و هیچ کەس بەجێنەهێڵرێت و لە ئەنجامدا هەموویان هەوڵ دەدەن هەژاریی ریشەکێش بکەن.
سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کاری هاوبەشی بەردەوامیان پتەوتر و فراوانتر دەکەن، لەگەڵ بایەخدانی تایبەت بەو دەستوەردانانەی هەوڵ دەدەن ئەو دەرفەتە ئابووریانە زیاد بکەن کە لەخۆگر و قازانجبەخشن لە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتە موژدەبەخشەکانی تر بۆ دامەزراوەی زۆر بچووک، بچووک و مامناوەند، لەگەڵ رەچاوکردنی پێداویستییە دیاریکراوەکانی پەنابەران و پەناخوازان، باری یاسایی و پێداویستییەکانی پاراستن.
هاوکات هەردوو دامەزراوەکە پێکەوە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ژینگەی کێبڕکێکاری بزنس لە ناوچەکانی میوانداریکردنی پەنابەران؛ هەروەها بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتیژەکانی رابەرایەتیکردن و بەرزکردنەوەی تواناسازی لەخۆگری ئابووری بۆ لاوان و ئافرەتان لە عێراق.
بەڕێز ئێریک بوشۆت، نوێنەر و سەرۆکی پرۆگرامی وڵات لە سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و جان-نیکۆڵ بیۆز، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق یاداشتنامەی نیاز یان واژۆکرد.
بە جەختکردنەوە لە بایەخی ستراتیژیی ئەم هاوکارییە، بەڕێز ئێریک بوشۆت وتی “هاوبەشیی نێوان سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژەیە بۆ گرنگیی دەرفەتە ئابوورییە لەخۆگرەکان بۆ پشتبەخۆبەستن، تێکەڵکردن، سەقامگیری کۆمەڵایەتی و رێگەچارە درێژخایەنەکان بۆ پەنابەران. پاڵپشتیکردنی لەخۆگرتنی ئابووری پەنابەران تەنها پرسی هاوکاریی مرۆیی نییە، بەڵکو هاوکات وەبەرهێنانێکی ستراتیژییە لە پەرەپێدانی بەردەوام و بونیاتنانی ئاشتی.”
بەڕێز جان-نیکۆڵ بیۆز، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق وتی “هاوکاریمان لەگەڵ سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکخستنی کۆمەڵایەتی-ئابووری پەنابەران و عێراقییەکان. پێکەوە ئامانجمانە دەرفەتی باشتری کار دروست بکەین، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و ئەولەیەت بدەین بە راهێنان، بۆ ئەوەی دەرفەتی کاری زیاتر دروست بکەین بۆ پەنابەران و عێراقییەکان. پەنابەران دەیانەوێت لەڕووی ئابوورییەوە پشت بەخۆیان ببەستن و دەیانەوێت بەشداری بکەن لە ئابووری خۆجێی، بۆ ئەوەی چیتر بارگرانی نەبن. زۆر گرنگە بۆ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، عێراقییەکان، بەتایبەتی کورد، بەیەکسانی هاوکاریی بکرێن، بۆ ئەوەی هەموان سوودمەندبن لەم دەستپێشخەرییانە. سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی شارەزایی دەهێنێت لە بواری دروستکردنی کار و ئێمەش زانینی خۆمان دەهێنین لەسەر چۆنێتی بەشداریپێکردنی کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی ئاوارەکان. پێکەوە دەتوانین ئەم گرەوە ببینەوە بۆ پەرەپێدانی ئابوورییە خۆجێیەکان بۆ سوودی هەموان.”
ئەم هاوکارییە ئاماژەیە بۆ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو برەودان بە پشتبەخۆبەستنی ئابووری لەناو پەنابەران لە عێراق.
Share on Facebook Share on Twitter