کاتێک لە ساڵی 2019 زەعیم بەهۆی تووندوتیژی و ناکۆکییەوە هەڵهات لە شارەکەی خۆی، حەسەکە، باکوری رۆژئاوای سوریا، پێشبینی نەدەکرد، پاش چەند ساڵێک، ئارامیی دەدۆزێتەوە – لەگەڵ دەرفەتی گوزەران – لەڕێگەی بەخێوکردنی هەنگ و کۆکردنەوەی هەنگوین لە عێراق.
دەڵێت “پێشتر بازرگانی دانەوێڵە، جۆ و لۆکەم دەکرد لە سوریا…دۆخی ئابووری سەقامگیر بوو. بەڵام پاش دەستپێکردنی جەنگ، هەموو شتێک داڕما.”
زەعیم، پەنابەرێکی سوری لە قوشتەپە، عێراق، دەچێت بۆ کاری رۆژانەیی وەک هەنگەوان © کۆمسیار/ رەشید حوسەین رەشید
لەگەڵ هاوژینەکەی و چوار منداڵەکەیان، هەموو شتێکیان لەدوای خۆیان بەجێهێشت و بە بەکارهێنانی هەموو پاشەکەوتەکەیان هاتن بەرەو هەرێمی کوردستانی عێراق. بەبێ سەرچاوەی دارایی، خێزانەکە گرفتیان هەبوو بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
بەڵام لەناو ئەم سەختیانەدا، زەعیم ئارەزووی نائاسایی هەنگەوانی هەڵبژارد. دەڵێت، “هەمیشە حەزم لە هەنگەوانی بووە، ئێستا سەرکەوتوو نەدەبووم ئەگەر حەزم لێی نەبوایە.” شتەکان لەوێوە دەستیان پێکرد، کاتێک زەعیم کۆمەکی نەختینەی لە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناران وەردەگرت لە ساڵی 2023. پاش دابینکردنی پێداویستییە زۆر بنەڕەتییەکانی خێزانەکەی، ئەو بڕە بچووکەی دەمایەوە بەکاریدەهێنا بۆ گۆڕینی ئارەزووەکەی بۆ شتێکی زیاتر. “ویستم پشتبەخۆم ببەستم. نەمدەویست پشت بە کۆمەکی مرۆیی ببەستم. ئەو ژیانە بێواتایە…”
سەرەتا وەبەرهێنانی کرد لە دوو پوورەی هەنگ. زۆر خێرا دەستیکرد بە بەرهەمهێنان و فرۆشتن. بە قازانجەکەی، پوورەی زیاتری کڕی و بزنسی هەنگەوانییەکەی فراوانتر کرد. ئێستا، هەموو رۆژێک، ئەم پیاوە 61 ساڵانە، جلکی هەنگەوانی دەپۆشێت، پێش دەستکردن بە کارەکەی لە 15 پوورە، کە بڵاوبوونەتەوە لە کێڵگەکەی دەرووی خانووە بچووکەکەی لە شارۆچکەی قوشتەپە لە هەولێر. لەگەڵ دووکەڵپرژێن بە دەستێکی، بەوریایی دوکەڵ دەڕژێت بۆ هێورکردنەوەی هەنگەکان، بۆ ئەوەی بتوانێت سەیری شانە هەنگوینەکان بکات.
بەرهەمی ساڵی رابوردو سەرکەوتوو بوو و زەعیم ئێستا دەتوانێت پشت ببەستێت بە بزنسی هەنگەوانییەکەی بۆ دابینکردنی گوزەرانی خۆی و خێزانەکەی. زەعیم دەڵێت “نەمدەتوانی ستانداردی ژیانی خێزانەکەم بەرزبکەمەوە بەبێ کۆمەکی دارایی. ئێستا چیتر پێویستم نییە، هیوادارم بتوانن هاوکاریی خەڵکی تر بکەن.”
زەعیم دۆکەڵپرژێنەکەی بەدەستەوەیە، بەوریایی دووکەڵ دەڕژێت بۆ هێورکردنەوەی هەنگەکان، لەکاتێکدا کە شانەکان ئامادە دەکات © کۆمسیار/ رەشید حوسەین رەشید
لە عێراق، زۆربەی پەنابەران پشت دەبەستن بە کرێکاری رۆژانەی ناڕێکخراو لە کەرتی نافەرمیی، تێکڕا مانگانە 350 دۆلاریان دەستدەکەوێت، ئەمەش لەخوار هێڵی هەژاریی نیشتمانییە. ئەم داهاتە نەگونجاوە، واتا ناتوانن پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان دابین بکەن، چ جای لەوەی دۆخی ژیانیان باشتر بکەن یان پاشەکەوت بکەن بۆ ئایندە. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران مەزەندەی دەکات کە 98 لەسەدی خێزانە پەنابەرەکان لە عێراق قەرزارن تەنها بۆ دابینکردنی خۆراک و ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و پارەدانی کرێ.
کۆمەکیی نەختینە دەدرێت بە دۆخناسکترین پەنابەران، بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییە بنەڕەتییەکانیانی وەک کرێ خانوو و خواردن دابین بکەن. سوپاس بۆ هاوکاریی کۆمەکبەخشانی وەک ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پرۆگرامی کۆمەکی نەختینەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ژیانی پەنابەران لە عێراق. لە ساڵی 2023، نزیکەی 58،000 پەنابەری دۆخناسک کۆمەکی نەختینەیان وەرگرت بە بڕی 230 دۆلاری مانگانە بۆ ماوەی 12 مانگ. لەمانە 79 لەسەد وتیان توانیویانە پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان پڕبکەنەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەریان و باشترکردنی دۆخی ژیانیان، 43 لەسەد ئاماژەیاندا بە بەرەوپێشچوون لە ئاسایشی خۆراکیان و 15 لەسەد ئاماژەیاندا بەوەی توانیویانە منداڵەکانیان لە قوتابخانە تۆماربکەن.
لە ساڵی 2024، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، پێویستی بە 91 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە بۆ دابینکردنی کۆمەکی نەختینە بۆ 33،100 خێزانی پەنابەری دەستنیشانکراو کە لەژێر زۆرترین مەترسیدان لە عێراق.
Share on Facebook Share on Twitter