لەکاتێکدا قوتابیانی قوتابخانەی کۆبانێ لە سلێمانی، هەرێمی کوردستان، چێژ وەردەگرن لە پشووی هاوین، پۆلەکان دەرگایان کراوەتەوە بۆ جۆرێکی تری فێربوون: مامۆستایان و باوانی پەنابەر.
بەدرێژایی هاوین، مەقبولە یەکێک بووە لە نزیکەی 30 پەنابەری سوری، کە بەشداری دەکەن لە وانەکانی زمان لە بەیانیان بۆ ماوەی چوار رۆژ لە هەفتەدا. کاتێک راهێنەرەکەیان وشەی نوێ لەسەر بۆردەکە دەنووسێت، قوتابیەکان دەیخوێننەوە و بەدەنگی بەرز دووبارەی دەکەنەوە و پۆلەکە پڕدەکەن لە دەنگی زمانێکی نوێ.
مەقبولە بەشداری دەکات لە وانەکانی زمانی کوردی لە سلێمانی © کۆمسیار/ رەشید حوسەین رەشید
لە سوریا، مەقبولە بە زمانی کوردی شێوەزاری کورمانجی گەورە بووە، کە زیاتر بەربڵاوە لەناو کۆمەڵگەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا. پاش تەواوکردنی خوێندن بۆ مامۆستایەتی، دەستی بە پیشەکەی کرد لە شارەکەی خۆی، کۆبانێ، لەگەڵ ستافێک مامۆستای تر وانەیان بە عەرەبی دەگوتەوە. کارەکەی زیاتر بوو لە تەنها وانەوتنەوە؛ رۆڵێکی گرنگی دەگێڕا لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە لەڕێگەی وروژاندنی هزری لاوان و توانادارکردنی نەوەی داهاتوو بە زانین.
کاتێک هەڵهات بەرەو عێراق لە ساڵی 2019 بەهۆی ناکۆکیی چەکداری، شارەزایی لە شێوەزاری کورمانجی یارمەتیدەر بوو بۆ بەڕێکردنی ژیانی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام بۆ بەردەوامبوون لە کارەکەی وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکی خۆجێی، پێویستی بە فێربوونی شێوەزاری سۆرانی بوو، ئەو شێوەزارەی زیاتر قسەی پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق و زمانی فەرمیی فێرکردنە لە قوتابخانە گشتییەکان.
لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی پەروەردەی هاوتەریبی پەنابەرانی دامەزراند، کە کۆمەڵێک بابەتی دیاریکراوی پرۆگرامی خوێندنی هەرێمی کوردستانی لەخۆدەگرت و بە زمانی عەرەبی پێشکەش دەکرا لەلایەن مامۆستا پەنابەرە سورییەکان لە قوتابخانەکانی تەنها پەنابەران. لە ساڵی 2022 ئەمە گۆڕا لەگەڵ راگەیاندنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران، کە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی قۆناغبەند منداڵانی پەنابەرانی سوریا و مامۆستا شیاوەکان تێکەڵ بکات لەناو سیستمی پەروەردەی گشتی.
مەقبولە دەڵێت، “زمانی پرۆگرامی خوێندن گۆڕان بۆ کوردی-سۆرانی، کە سەرەتا سەختی دروست کرد بۆ ئێمەی مامۆستایان و قوتابیانی پەنابەر، چونکە ئێمە راهاتبووین بە فێربوون و فێرکردن بە زمانی عەرەبی.”
باوانی پەنابەران بەشداری دەکەن لە خوولەکانی فێربوونی زمان لە سلێمانی © کۆمسیار/ رەشید حوسەین رەشید
بۆ رێخۆشکردن بۆ ئەم گۆڕانکارییە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران خوولی زمانی کوردی پێشکەش دەکات بە مامۆستا پەنابەرە سورییەکان، یارمەتیان دەدات بۆ باشترکردنی تواناکانیان بۆ پێشکەشکردنی پەروەردەی کواڵیتی بەرز بە منداڵانی پەنابەران و عێراق لەناو پۆلە یەکخراوەکان. لە ئەیلولی 2022ەوە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران چەندین خوولی زمانی پێشکەش کردوە بە زیاتر لە 40،000 منداڵ، باوان و مامۆستای پەنابەر.
هاوکات خوولەکانی زمان بەردەستن بۆ قوتابیانی پەنابەر بۆ باشترکردنی تێگەیشتنیان لە زمانی نوێی فێرکردن، هەروەها بۆ باوانی پەنابەران بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی فێربوونی منداڵەکانیان بدەن.
مەقبولە بە سووربوونەوە و لە چاوەڕوانی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 دەڵێت، “بەڕاستی سوودمەند بووین لەم کۆرسانە…ئێستا دەتوانین بخوێنینەوە و بەشێوەیەکی کاریگەر بە کوردی سۆرانی وانە بڵێینەوە. من متمانەم بەخۆم هەیە بۆ وتنەوەی وانەکان بە قوتابیان.”
بەدیهێنانی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران هەوڵێکی هاوبەشە لەنێوان حکومەتی عێراق، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، یونسێف و رێکخراوی منداڵپارێزی. بەرجەستەی گۆڕانێکی پەروەدەیی دەکات سەرەڕای وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتی فراوان. لەڕێگەی توانادارکردنی مامۆستا پەنابەرەکان، بەخشینی دەرفەتی بەشداریکردنی واتادار لە سیستمی پەروەردەی عێراق، سیاسەتەکە سوود دەگەیەنێت بە منداڵانی پەناران و کۆمەڵگە خانەخوێکان، هاوکات دەرفەتی گوزەران دروست دەکات بۆ ئایندەیەکی بەردەوام و لەخۆگر.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، دەڵێت “لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن، رێکخراوەکان قوتابیان و مامۆستایان لە چەندین شوێنی جیاواز ئامادە دەکەن بۆ فێربوونی زمان و جێبەجێکردنی پرۆگرامەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو. بەهاوکاری پتەو لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ئێمە ستافی باش راهێنراومان ئامادەکردوە بۆ پێشکەشکردنی خوولەکانی زمان بە قوتابیان و مامۆستایان لە هەموو قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی.”
سوپاس بۆ هاوبەشیی ئاسۆکان، کە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هۆڵندایە، توانرا سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران بکرێتە راستی. یەکێک لە مەبەستەکانی هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی درێژخایەن بۆ پەنابەران، ئاوارە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان لە عێراق، لەوانە لەڕێگەی بەهێزکردنی لەخۆگرتن و تێکەڵکردن لەناو سیستمی پەروەردەی نیشتیمانیی.
سەرکەوتنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران بۆ خۆی دەدوێت. لە ساڵی خوێندنی 2023-2024، 70 لەسەدی هەموو منداڵانی پەنابەرانی سوری تۆمارکران لە 1،500 قوتابخانەی گشتی لە هەرێمی کوردستان – بەرزبوونەوە بە رێژەی 11 لەسەد بەراورد بە ساڵی پێشتر.
بۆ مامۆستایانی وەک مەقبولە، وانەکانی زمان رۆڵی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە لە رێپێدانیان بۆ بەردەوامبوون لە پیشەکانیان و پاڵپشتیکردنی خێزانەکانیان و بەدەستهێنانی کارامەیی نوێ.
لەکۆتایدا وتی، “وەک مامۆستای شیاو ئێمەیان دامەزراند، هاوشێوەی مامۆستا خۆجێیەکان. ئێمە سوود بەیەکتر دەگەیەنین.”
Share on Facebook Share on Twitter