Dalia participating in the Kurdish Sorani language learning classes in Sulaymaniyah. UNHCR/ Rasheed Hussein Rasheed
لەناو زایەڵەی دەمەتەقێی قوتابییەکان لە پۆلێکی جەنجاڵی قوتابخانەیەکی گشتی لە سلێمانی، دەنگێک ناوازە دەردەکەوێت – دەنگی مامۆستایەکی پەنابەری سوری تەمەن 41 ساڵ، دالیا مەحمود. بەمتمانەوە پرۆگرامی کوردی خۆجێی دەڵێتەوە، دالیا منداڵانی خۆجێی و پەنابەر لە پۆلەکەیدا پێکەوە کۆدەکاتەوە بۆ فێربوون و دروستکردنی پەیوەندییەکان.
گەشتی دالیا بۆ بوون بە مامۆستا لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاسان نەبوو. پێش هەڵهاتن لە نیشتیمانی خۆی لە ساڵی 2015، دالیا وەک مامۆستا لە شارەکەی خۆی لە قامیشلی لە سوریا کاریدەکرد، رۆڵێک کە تێیدا نایاب بوو و بە شانازییەوە دەیگێڕا. گواستنەوە بۆ وڵاتێکی نوێ ئاستەنگی خۆی هەبوو، بەڵام هاوکات بەرجەستەی رۆحی بەهێز و پابەندبوونی دالیا دەکات لە پیشە نوێیەکەیدا.
دالیا وتی، “کاتێک سوریام بەجێهێشت، هەستمکرد ژیانم پڕە لە نادڵنیایی. بەڵام کاتێک گەیشتمە کوردستان، بۆم دەرکەوت کە هێشتا دەرفەت هەیە. دڵخۆش بووم کە توانیم جارێکی تر وانە بڵێمەوە. ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگەکەم بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بوەستن و یارمەتیان بدەم بۆ بونیاتنانی ئایندەیەکی بەردەوام.”
دالیا بەشداری کرد لە وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی-سۆرانی لە سلێمانی. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران / رەشید حوسەین
دالیا وانە بە قوتابیانی خۆجێی و پەنابەر دەڵێتەوە لە قوتابخانەیەکی گشتی لە سلێمانی. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران / رەشید حوسەین رەشید
دالیا باسی کرد کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتنە هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرەتا لەگەڵ رێکخراوێکی ناحکومی کاریکرد وەک مامۆستا بەرامبەر هاندەر لە قوتابخانەکانی میوانداریکردنی پەنابەران، کە لە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، بەهاوکاری رێکخراوە ناحکومییەکان دامەزرابوون. ئەم قوتابخانانە وەک سیستمی پەروەردەی هاوتەریب کاریان دەکرد، بە بەکارهێنانی فێرکردن بە زمانی عەرەبی بۆ کۆمەڵگەی پەنابەران.
لە ساڵی 2022، لەگەڵ راگەیاندنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوو بە تێکەڵکردنی پەنابەران لەناو سیستمی پەروەردەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم لەخۆگرتنەی منداڵانی پەنابەران، بەشێک بوو لە کۆتایهێنانی قۆناغبەندی بە سیستمی پەروەردەی هاوتەریب و گۆڕینی وانەوتنەوە لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی. وەک بەشێک لە سیاسەتی تێکەڵکردنی پەرەردەی پەنابەران، پەنابەرانی وەک دالیا دەتوانن وەک وانەبێژ ببنە موچەخۆی حکومەت و بەفەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ددانیان پێدا بنرێت.
بۆ دالیا، ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گرنگ لە ژیانیدا، چونکە لە مامۆستا بە هاندەر بوو بە پەروەردەکارێکی ددانپیانراو لەلایەن حکومەتەوە بۆ وانەوتنەوە بە زمانی خۆجێی، کوردی. ئەم هەنگاوە بەتەنها پشتڕاستکردنەوەی کارامەییەکانی نییە، بەڵکو هاوکات ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونی لەناو کۆمەڵگەی خۆجێی وەک مامۆستا و وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە.
دالیا وتی، “بوون بە مامۆستا بەشێوەیەکی فەرمیی لە هەرێمی کوردستان، زیاترە لە بەدەستهێنانی کار. هاوکات ددانپیانە بە شیاندنەکانم و بەشدارییەکی گرنگە وەک پەنابەرێک لە هەرێم. واتا من تەنها وانە ناڵێنمەوە. من بەشێکم لە کۆمەڵگە.”
دالیا ددانی پێدا دەنێت کە وەک کوردێکی زاری کرمانجی کە ئەزموونی وانەوتنەوەی هەیە بە عەرەبی، سەرەتا دوودڵ بوو لە وانەوتنەوە بە کوردی. دالیا وتی، “سەرەتا، سۆرانی بۆ ئێمە جیاوازە لە شێوەزاری خۆمان، ئەگەرچی ئێمە هەموومان کوردین. سەرەتا رووبەڕووی ئاستەنگ بووینەوە، بەڵام توانیمان بەسەریاندا زاڵ بین.”
وانەکانی زمان کە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هاوبەشانی پێشکەشیان دەکرد، یارمەتی دالیا و مامۆستایانی تریدا لەم وەرچەرخانەدا. پاش ئەوەی سەرکەوتووانە خوولەکانی زمانی کوردی-سۆرانی بۆ ماوەی سێ مانگ لەکاتی پشووی هاوینەدا تەواوکرد، دالیا بەمتمانەوە گەڕایەوە بۆ وانەوتنەوە، بەپەرۆش بوو بۆ یارمەتیدانی منداڵانی پەنابەر و خۆجێی بۆ بونیاتنانی ئایندەیەکی بەردەوام.
دالیا وتی، “من فێری زمانی خۆجێی بووم، ئێستا لەگەڵ حکومەتی خۆجێی کاردەکەم. بەمە هەستی ئینتیمام قووڵ بۆتەوە. گەشبینم بەرامبەر دەرفەتەکانی ئایندە بۆ خۆم و قوتابیەکان. لەڕێگەی فێرکردنی منداڵان لە کوردستان، هیوادارم بەشداری بکەم لەم گەشەیەدا.”
قوتابیەک لە پۆلەکەی دالیا لە قوتابخانەیەکی گشتی لە سلێمانی. کۆمسیار/ رەشید حوسەین رەشید
لەمیانەی گەشتەکەی بۆ فێربوونی زمانی خۆجێی و راهاتن لەگەڵ ژینگەی نوێی فێرکردن، دالیا پەیوەندییەکی تایبەتی دروستکردوە لەگەڵ قوتابیەکانی. باسی دەکات چۆن سیروان، کە هاوکات قوتابی و دراوسێیەتی، زۆرجار پاش وانەکان لەگەڵیدا بەپیاسە دەچنەوە بۆ ماڵەوە. دالیا وتی، “سیروان پێمدەڵێت چەند بەتاسەوە چاوەڕوانی وانەکانی من دەکات. بەپەرۆشی سیروان بیرم دەخاتەوە بۆچی لە بنەڕەتدا ویستم ببم بە مامۆستا و بۆچی فێربوونی زمانی خۆجێی ئەوەندە گرنگ بوو. بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، سیروانیش بۆتە مامۆستای من. هەموو رۆژێک وشەیەکی نوێی کوردی-سۆرانی لێ فێردەبم لەکاتی گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە.”
ئەزموونی دالیا تەنها یەکێکە لەناو ئەزموونی 700 مامۆستای پەنابەری سوری کە بەفەرمی دامەزرێنراون لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران. تێکەڵکردنیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکانیان، هاوکات رێگەیان پێدەدات بەشداری واتادار بکەن لە پەروەردەکردنی هەموو منداڵانان لە هەرێمی کوردستان، بەدەر لە پێشینە و نەتەوەیان.
بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشانی پەروەردە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران تەرخانە بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران، کە تەبایە لەگەڵ بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆڕبەندی جیهانی بۆ پەنابەران 2023، “دڵنیاییکردن لەوەی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران بەشێوەی قۆناغبەند جێبەجێ دەکرێت بۆ قۆناغەکانی 5 تا 12 تا ساڵی 2030، کە سوودی دەبێت بۆ منداڵانی پەنابەرانی تەمەن 10-18 ساڵان و مامۆستا پەنابەرە شیاوەکان.”
بۆ دالیا و چەندین مامۆستای سوری بەپەرۆشی تر، سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران، دەرفەتێکی گرنگە بۆ توانادارکردنیان بۆ درێژەدان بە پیشەکانیان و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو تواناسازی پەنابەران و لەخۆگرتنیان لە هەرێم.
Share on Facebook Share on Twitter